ترەمپ بودجەی شارە پڕ لە ”ئاژاوەکان“ی ئەمریکا دەبڕێت

سەرۆکی ئەمریکا بودجەی ئەوشارانە دەبڕێت، کە خۆپیشاندانیان و شەڕیان تێدا دەکرێت. دۆناڵ ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی واژۆ کرد، کە بەهۆیەوە بودجەی بەشێک لە شارەکانی وڵاتەکەی، دەبڕێت. دۆناڵد ترەمپ دوای واژۆکردنی بڕیارەکە، رایگەیاندووە، ”رێگا نادم دۆلاری باجە فیدراڵییەکانی ئەمریکا بدرێتە ئەو شارانەی پڕن لە ئاژاوە“. ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا دوای دروستبوونی شەڕێکی چەکداری لە شاری پۆرتلاند لەنێوان لایەنگرانی ترەمپ و نەیارانیدا، دێت. جگە لەو شەڕە، لە چەند شارێکی دیکەی ئەمریکا بەهۆی کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەو وڵاتە، خۆپیشاندان دروست بووە، کە توندوتیژییان لێکەوتووەتەوە. ئەو خۆپیشاندانانە دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە رۆژی 25-5-2020 بە دەستی پۆلیسێکی سپیپێست کوژرا. جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو. دوای تیمێکی پۆلیس بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.