هەوڵەکانی کوژاندنەوەی ئاگری نەوتی گەیارە بەردەوامە

دوای کەوتنەوەی ئاگر لە کۆگایەکی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا، هەوڵەکانی کۆترۆڵکردنی بەردەوامە. شەوی چوارشەممە 2-9-2020، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی عەمبارکردنی نەوت، کە بڕی پێنج ملیۆن لیتر نەوتی خاوی تێدایە، دروست بوو. ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-9-2020، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاندووە، لیوا کازم سەلمان، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکە سەردانی گەیارەی کردووە و سەرپەرشتیی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکات. لە دوای سەرهەڵدانی ئاگرەکەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئاگرەکە بکوژێننەوە.