بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیای مارسیدس لە عێراق رزگار دەکرێت

بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیای مارسیدس لە عێراق دوای سێ رۆژ لە رفاندنی، رزگار دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە 5-9-2020، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، کە  کەسێکی رفێندراویان لە خانووێکی چۆڵ لە گەڕەکی قاهیرە لە رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەختی عێراق، رزگار کردووە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەبێ ئاماژەکردن بە ناوی رفێندراوەکە، رایگەیاندووە، ئەو کەسەی رزگارکراوە خەڵکی وڵاتی ئوردنە و بەڕێوەبەری لقی عێراقی کۆمپانیای مارسیدسی ئەڵمانی بوو. هەروەک دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە، ئەو کەسە ماوەی سێ رۆژ بوو لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە رفێندرابوو. بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان گرووپ و میلیشیای تیرۆریستی، تائیفی و توندڕەو لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاو بوونەتەوە. ئەو گرووپ و میلیشیایانە بەردەوام کردەی تیرۆریستی و تاوانکاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن، ئەنجام دەدەن.