یادبوونی گرژیی نێوان یۆنان و توركیا لەبارەی دەریای سپی، ئەو دوو وڵاتەی لە جەنگ دژی یەكتری نزیك كردووەتەوە، بۆیە توركیا هێزێكی زۆر و چەكی قورسی لەسەر سنووری یۆنان جێگیر كردووە. ماڵپەری (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی بەرگریی توركیا دەیان تانك و زرێپۆشی لەسەر سنووری سووریاوە گواستووەتەوە بۆ سنوورەكانی یۆنان. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، تانك و زرێپۆشەكانی توركیا،٤٠ دانە دەبن، كە لە سنووری سووریاوە لە هەتای و رەیحانلی گواستراونەتەوە بۆ ئێدیرنا لەسەر سنووری یۆنان. هاوکات چەند میدیایەكی دیکەی توركیاش بە هەمان شێوە هەواڵەكەیان پشتڕاست كردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە كە بەهۆی گرژیی نێوان توركیا و یۆنان ئەو هێز و چەكانە لەسەر سنوور جێگیر كراون و ئەمەش ئاماژەیەكی خراپە بۆ راگەیاندنی جەنگ. ماوەی نزیکەی دوو مانگە بەهۆی ئەوەی تورکیا لە دەریای سپی بە چوار کەشتییەوە بەدوای غازی سروشتیدا دەگەڕێت و گوێ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان نادات، ئەمەش بووەتە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان تورکیا و یۆنان و هاوکات چەند وڵاتێکی ئەورووپی و یەک لەوان فەڕەنسا بە توندی هۆشداری بە تورکیا داوە کە دەبێ تورکیا بە ڕێککەوتن لەگەڵ یۆنان و وڵاتانی دیکە ئەو کارە بکات.