سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و پرسی یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان تاوتوێ دەکات. بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 6-9-2020 محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان کۆ دەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەردانەکەی محەمەد حەلبوسی بۆ هەرێمی کوردستان وەرگرتنی بۆچوونی سەرکردایەتی سیاسیی کوردە لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە و چۆنیەتی یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن. بەهار مەحمود، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لایەنە کوردستانییەکان لسەر پرسی هەڵبژاردن یەکهەڵوێستن. بەهار مەحمود هەروەها رایگەیاند، لایەنە کوردستانییەکان پێیان باشە بازنەکانی هەڵبژاردن زۆر فراوان نەبن، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەفیڕۆ نەچێت.