شازادە هاری شازادەی پێشووی بەریتانیا و مێگان ماركڵی هاوسەری گرێبەستێكیان لەگەڵ كەناڵی پەخشی نێتفلێكسدا ئیمزا كرد. ڕۆژنامەی “نیۆیۆرك تایمز”ی ئەمریكی بڵاوی كردەوە، بە مەبەستی تۆماركردنی زنجیرەیەك بەرنامەی خێزانی و دۆكیۆمێنتاری، شازادە هاری و هاوسەرەكەی گرێبەستێكیان لەگەڵ كەناڵی پەخشی نێتفلێكسدا ئیمزا كردووە. شازادە هاری بە ڕۆژنامەكەی گوتووە لەبەر ئەوەی ئێستا خاوەنی منداڵێكە و باوكایەتی دیوە، دەتوانێ ئەركی پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی خێزانی بە باشی جێبەجێ بكات. كەناڵی پەخشی نێتفلێكس كە ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا 193 ملیۆن بەشداربووی هەیە، لەمبارەیەوە خۆشحاڵی دەڕبریوە و تێد ساراندوس بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كەناڵەكە دەڵێ ئەم دوو كەسایەتیە كاریگەریان لەسەر زیادبوونی بەشداربووانی كەناڵەكە دەبێت.