دوو نەخۆشخانەی تایبەت لە هەولێر داخران

بە هۆی پابەند نەبوونیان بە وەرگرتنی دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نەخۆشخانە حکوومییەکان لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکانیان، دوو نەخۆشخانەی تایبەت لە هەولێر بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی داخران. هه‌كار مزووری، به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی پشكنین و به‌دواداچوون له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بە بڕیار و رێنوێنیی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت هەر نەخۆشخانەیەکی تایبەت دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نەخۆشخانە حکوومییەکان کە پێویستییان بە چاودێریی چڕ بێت وەربگرێت،  بەمەبەستی چارەسەرکردنیان، پێنج نەخۆشخانە لە سنووری هەولێر هەبوون کە پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون بۆیە ئاگادارمان کردنەوە کە دەبێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا بڕیارەکە هاوشێوەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی دیکە جێبەجێ بکەن”. گوتیشی: “پاش ئاگادارکردنەوەیان سێ لە نەخۆشخانەکان بڕیارەکەیان جێبەجێ کرد و  هەر یەکەیان دوو نەخۆشی چاودێری چڕیان وەرگرت بەڵام دوو نەخۆشخانەکەی تر پابەند نەبوون بەو هۆیەوە ئەمشەو هەردوو نەخۆشخانەکە وەک سزایەک داخران”. ئاماژەی بە ئەوەش دا کە تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و هەر نەخۆشخانەیەکی تایبەت پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی نەبێ ڕێوشوێنی پێویستی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر و سزا دەدرێ. سەبارەت بە نرخی پکشنین و چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان ناوبراو گوتی: “ئێمە سەرجەم نرخەکانمان بە گشتاندنێک بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان ناردووە و تیمەکان ڕۆژانە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و بەدواداچوون دەکەن هەر نەخۆشخانەیەک پابەند نەبێ ڕێوشوێنی پێویستی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر”.