عێراق هاوکاریی بەپەلە دەگەیەنێتە سودان

حکوومەتی عێراق بڕیاری ناردنی هاوکاریی بەپەلە و فریاگوزاری بۆ گەلی سودان، دەدات. چەند هەفتەیەکە بەهۆی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری نیل، لافاوێکی گەورە زۆربەی شارەکانی سودانی داپۆشیوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون، جگە لە وێرانبوونی دەیان هەزار خانووی هاووڵاتییان. نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە کازمی بڕیاری ناردنی دەیان تۆن هاوکاریی خۆراکی، تەندروستی و خێوەتی بۆ گەلی سودان بە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی، داوە. جگە لە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە فڕۆکەیەکی سەربازی، مستەفا کازمی هەروەها بڕیاری داوە، بە کەشتییەک لە بەندەرەکانی بەسرەوە، بڕی 10 تۆن گەنم بۆ سودان بنێردرێت.