ڕۆژنامەیەكی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاستەنگێكی سەیری بەردەم پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای ئاشكرا كردووە كە بریتییە لە گواستنەوەی دوای ئەوەی بەرهەمهێنانەكەی تەواو دەبێت، لەمبارەیەوە رایگەیاندووە كە گواستنەوەی پێكوتەكە دەبێتە قورسترین ئەرك لەبەردەم گواستنەوەی ئاسمانی لە مێژوودا. رۆژنامەی “گاردیان” ئاشكرای كردووە كە هەواڵی بەرهەمهێنانی پێكوتەی دژە كۆرۆنا دەبێتە هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ تەواوی جیهان، بەڵام دەمودەست لە دوای هەواڵەكە، ئاستەنگێكی نوێ دێتە پێشەوە، ئەویش دەمودەست گواستنەوەی پێكوتەكەیە بۆ هەموو جیهان، كە چاوەڕوان دەكرێ ببێتە ئەستەمترین ئەرك لە مێژووی فڕۆكەوانیی جیهانیدا. بە پێی گاردیان، گواستنەوەی پێكوتەكە پێویستی بە هەشت هەزار فڕۆكەی زەبەلاحی لە جۆری بۆینگ 747 دەبێت، تا بتوانن بەشی 7.8 مليار كەس لە جیهان پێكوتە بگوازنەوە. لەمبارەیەوە یەكێتی نێودەوڵەتیی فڕۆكەوانی هۆشداری داوە لەوەی پێویستە مەرجەكانی بڕی باركردنی گواستنەوەی ئاسمانی لە كاتی گواستنەوەی پێكوتەی كۆرۆنادا هەڵبگیرێن، بۆ ئەوەی بتوانن بە خێرایی پێكوتەكە بگەیەننە هەموو جیهان.