سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراقی داوا دەكات وڵاتەكەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە

میسال ئالوسی، سەرۆكی پارتی ئوممەی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ١٢ی ٩ی ٢٠٢٠، پشتیوانیی خۆی بۆ ئاشتیی نێوان ده‌وڵه‌تی به‌حرێن و ئیسرائیل راگه‌یاند و داوای كرد، عێراقیش پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە. له‌ لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی (شه‌فه‌ق نیوز)، ئالووسی پشتیوانیی رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتیی نێوان ئیمارات و به‌حرێن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كات و پێی وایه‌ مه‌سه‌له‌ی ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین بۆته‌ شتێكی بازرگانی. هه‌روه‌ها پێی وایه‌ ئایین و پیاوانی ئایینی كردووه‌ به‌ ئامرازێك بۆ قۆرخكردن و شكستهێنان و گه‌نده‌ڵی و كوشتن. ئالوسی له‌ قسه‌كانیدا گوتوویەتی: ”راسته‌ كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل له‌ ئارادا هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ رێگاچاره‌ی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ش به‌ حاڵی خۆم پاڵپشتی به‌رقه‌راربوونی ئاشتی له‌ نێوانیاندا ده‌كه‌م“. له‌ باره‌ی جووەكانی ئیمارات و به‌حرێن و قه‌ته‌ر ده‌ڵێ به‌ گشتی وڵاتانی كه‌نداو ژماره‌یه‌كی كه‌می جوویان لێ بووه‌ و ئه‌و جوانەی ئێستا له‌ كه‌نداو ده‌ژین، به‌ ئه‌سڵ خه‌ڵكی عیراقن. دەشڵیت: ”حاڵی حازر نزیكه‌ی 700 هه‌زار جووی خەڵكی عێراق له‌ ئیسرائیل ده‌ژین و ماقوڵه‌ جه‌نگ له‌ دژی ئه‌وانه‌ به‌رپاكه‌ین له‌پێناو جوانتركردن و خۆشتركردنی غه‌زه‌، یان له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ره‌سیدی گروپه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌ بانك؟“. له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیل، ئالووسی ده‌ڵێ: ”زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق، (له‌باره‌ی كورد قسه‌ ناكه‌م)، مه‌به‌ستم عه‌ره‌به‌ ئیسلامییه‌ فه‌رمانڕه‌واكانی به‌غدایه‌ به‌ سونه‌ و شیعه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا، واته‌ له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركرده‌كان و وه‌زیره‌كان چاویان به‌ سه‌ركردایه‌تیی ئیسرائیل كه‌وتووه‌ و قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردوون، به‌ڵام لە ئێرانییه‌كان دەترسن، چونكه‌ له‌ عێراق بڕیار به‌ده‌ست سه‌ركردایه‌تیی ئێرانه‌وه‌یه“. دووپاتیشی كردۆتەوە: “ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ركرده‌كانی ئێران چاویان به‌ سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل كه‌وت، به‌ڵام ئیسرائیل خواسته‌كانی ئێرانیان ره‌تكرده‌وه‌“. دوێنێ هه‌ینی، دۆناڵد تڕه‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتیی نێوان به‌حرێن و ئیسرائیلی به‌” ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی” له‌ قه‌ڵه‌م دا. ئەم ڕێككەوتننامەیەش دوای كه‌متر له‌ مانگێك دێت بەسەر ڕێككەوتننامەیەكی هاوشێوە لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیل.