ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە بودجەی گشتیی ٢٠٢١ی عێراق هیچ دامەزراندنێكی نوێ و پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان لەخۆوە ناگرێت. جەختیش دەكرێتەوە كە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە یاسای بودجەدا مسۆگەر دەكرێت. ئەحمەد جبووری، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، لە میانی پێشوازیكردنی لێژنەكەیان لە وەزیری دارایی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەی دامەزراندن لە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی وڵاتەكە كردووە و زانیویانە كە بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست، هیچ دامەزراندنێك لە یاساكەدا جێگیر ناكرێت. دەشڵێت: ”بودجەی ٢٠٢١ تەنیا خەرجیی پێویستی بۆ پڕۆژە بەردەوامەكان داناوە و هیچ پڕۆژەیەكی نوێی وەبەرهێنان لە عێراقدا نابێت. لە لایەكی دیكەوە ئەحمەد سەفار، ئەندامی كورد لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ٩ی ٢٠٢٠ رای گەیاندووە، لە مانگی داهاتوودا دەنگ لەسەر یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دەدرێت كە تێیدا مووچەی فەرمانبەران تا كۆتایی ئەمساڵ مسۆگەر كراوە. جەختیشی كردۆتەوە كە لە ماوەی هەفتەیەك تا ١٠ ڕۆژدا، یاسای بودجەی ٢٠٢٠ دەگاتە پەرلەمانی عێراق و بەبێ دواخستن، دەنگی لەسەر دەدرێت. سەفار دووپاتی كردۆتەوە، لە یاسای بودجەی ٢٠٢٠دا مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی تێدا مسۆگەر دەكرێت و هیچ مەترسییەك یان كورتهێنانێك لەسەر دابینكردنی مووچە نابێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە ئێستا لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال گفتوگۆی چڕ بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بودجە و مووچە و نەوت و چەند پرسێكی دیكە بەڕێوە دەچێت و لەم چوارچێوەیەشدا تا دەرچوونی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق، بەغدا مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار وەك مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات.