50 ملیار دۆلاری عێراق بە نایاسایی بردراوەتە دەرەوە

دەستەی نەزاهەی عێراق رای دەگەیەنێت، لەساڵی 2003ەوە تاوەكو ئێستا 40 بۆ 50 ملیار دۆلار بەشێوەی نایاسایی لەعێراق بردراوەتە دەرەوە. محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی نەزاهەی عێراق بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند: “ماوەیەكی زۆرە دەستەكەمان كار لەسەر دۆسییەی بردنە دەرەوەی پارە لە عێراق دەكات، كە بڕەكەی لە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دۆلارە و ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی نایاسایی بردراوەتە دەرەوە”. ئاماژەی بەوەشدا، زانیاری زۆریان لەسەر ئەو دۆسییە كۆكردۆتەوە و هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە دەدەن، گوتیشی: “دەستەی نەزاهە بۆ بەدواداچوونەكانی داتابەیسێكی وردی لەسەر دۆسییەكە دروست كردووە، هەموو ئەو پارانەی ئەژماركردووە بەشێوەی قاچاغ لەدوای ساڵی 2003ەوە بردراوەتە دەرەوە”. ئەو بەرپرسە روونیشیكردەوە، دەستەی نەزاهە لەساڵی 2014ەوە فەرمانگەیەكیان دروستكردووە بۆبەدواداچوون لەسەركەیسی بردنەدەرەوەی پارەی عێراق گوتیشی: “دەستمان بە پشكنین كردووە لە ناوەوەی عێراق و دەرەوەی عێراقیش بەدواداچوونمان كردووە و لیژنەشمان پێكهێناوە، بە پێی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانیش داوای هاوكاریمان لە وڵاتان كردووە”. بەهۆی نەبوونی شەفافییەت و زۆری دۆسییەكانی گەندەڵی، عێراق یەكێكە لە 10 وڵاتە گەندەڵەكانی جیهان.