حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای وەبەرھێنانی ئامادە كردووە و وا بڕیارە ئاراستەی پەڕلەمانی کوردستانی بکات و لەوێ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت. بەهمەن کاک عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاوەدنکردنەوە و وەبەرهێنان و فڕاکسێۆنی پارتی لە پەڕلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پڕۆژە یاسای وەبەرهێنان هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای ساڵی (2005)ە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پڕۆژە یاسایە لە ئەنجوومەنی وەزیران تێنەپەڕیوە و نەگەیشتووە بە پەڕلەمانی کوردستان، ئێمە لە لیژنەی وەبەرهێنانی پەڕلەمانی کوردستان چاوەڕێی گەیشتنی پڕۆژە یاساکە دەکەین و هەر کات ئەو پڕۆژە یاسایە گەیشتە پەڕلەمان ئێمەش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکەین”. ڕاشیگەیاند: “هەرچەندە تا ئێستا ئەو پڕۆژە یاسایەمان نەبینیوە، بەڵام زانیاریمان پێگەیشتووە، کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر باش لە پڕۆژە یاساکەدا کراوە لە بارەی شێوازی وەبەرهێنان و ڕاکێشانی وەبەرهێنی بیانی بۆ ناوەوەی کوردستان، هەروەها گۆڕانکاری کراوە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی و کشتوکاڵی و کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی جۆرا و جۆر، بۆ ئەمەش نەخشەی سەرجەم شارەکان دیاری کراوە بۆ ئەوەی کە هەر شارێک چ جۆرە وەبەرهێنانێکی پێویستە ئەوەی بۆ بکرێت، بێگومان ئەمانە هەموویان لە لایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە کراون و لەو پڕۆژەیەشدا ئاسانکاری بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردی پڕۆژەکان کراوە بە شێوەیەک سوود بە وەبەرهێن و بە هاووڵاتیش بگەیەنیت”. گوتیشی: “پێویستە لەو پڕۆژە یاسەیەدا نوێکاری کرابێت و لە پڕۆژە یاساکەی پێشووتر باشتر بێت و وەبەرهێنان بباتە قۆناغێکی تر و گۆرانکاری بەسەر شێوازی وەبەرهێناندا بهێنێت لە هەرێمی کوردستان”.