روانگەی سووری: 10 چەكداری لایەنگری ئێران لە بۆردوومانێكی نادیاردا كوژران

ئەمڕۆ دووشەممە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند لە بۆردومانێکی نادیاردا لە رۆژهەڵاتی سووریا، کە گومان دەکرێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەنجامیان دابێت، 10 چەکداری لایەنگری ئێرانی کوژراون، کە زۆرینەیان عێراقین. رامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) روونی کردووەتەوە “ئەو بۆردوومانانە لە باشووری شاری ئەلبوکەمالی سنووری لەگەڵ عێراق روویان داوە، بووەتە هۆی کوژرانی 10 چەکداری لایەنگری ئێرانی، کە 8یان عێراقی و دووانیشیان سووریین، هەروەها کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیشی تەقاندووەتەوە”. بەگوێرەی روانگەی سووری، ئەو ناوچەیەی نێوان ئەلبوکەمال و مەیادین، لە رێی گرووپە چەکدارییە نزیکەکانی، کە شان بە شان سوپای سووری دەجەنگن، لەژێر هەژموونی ئێراندایە. روانگەی سووری وای بۆ دەچێ، کە فڕۆکەکانی ئیسرائیل ئەو هێرشەیان کردبێ، بەڵام زەحمەتە ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە، لە کاتێکدا راگەیاندنی فەرمیی سووری دووپاتی ناکاتەوە. روانگەی سووری لە 3ی ئەیلوولدا کوژرانی 16 چەکداری عێراقیی لایەنگری ئێرانی بەهۆی هێرشی فڕۆکە تۆمار کرد، کە پێی وایە فڕۆکەی ئیسرائیلی بووبن، هەروەها کوژرانی 6 چەکداری لایەنگری ئێران لە هێرشی هەمان شێوەدا لە گوندەکانی ئەلبوکەمال لە 28ی مانگی حوزەیراندا تۆمار کردووە. ئیسرائیل لەم چەند ساڵەی دواییدا هێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر سووریا چڕ کردووەتەوە، بەشێوەیەکی سەرەکییش پێگەکانی سوپای سووریا و میلیشیا ئێرانییەکان و حزبوڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج، ئەمەش بە مەبەستی راگرتنی هەوڵەکانی ئێران لە قایمکردنی پێگە سەربازییەکانی خۆی لە سووریا، کە کارئاسانیی دەکا بۆ ئێران، تا چەکە پێشکەوتووەکانی بگەیەنێتە دەست حزبوڵا. سووریا لە ساڵی 2011ەوە شەڕ و ململانێیەکی سەختی بەخۆوە دیوە و بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 380 کەس، هەروەها ژێرخان و کەرتەکانی بەرهەمهێنانی خاپوور بووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی بە ملیۆنان کەس لە خەڵکی سووری ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بەرەو ناوەوە و دەرەوەی وڵات کۆچ بکەن.