ئەنجێلا مێركل دەستبەرداری دوو پۆستی باڵا دەبێت

ئەنجێلا مێركل ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیا و لە هەمانكاتدا سەرۆكی پارتی یەكگرتووی دیموكراتی كریستیانەكانی ئەڵمانیا، دوای چەند مانگێگ كۆتایی دیکە بە ژیانی سیاسی دێت و كەسێكی تر دەبێتە جێگرەوەی وەكوو سەرۆكی پارت. لە ساڵی٢٠٠٠وە مێركل سەرۆكی پارتی یەكگرتووی دیموكراتی كریستیانەكانی ئەڵمانیایە، هەر لەسەر لیستی ئەو پارتەش ماوەی ١٥ ساڵە سەرۆكوەزیرانە، بەڵام بڕیارە لە ٤_١٢_٢٠٢٠ پارتەكەی مێركل بچێتە ناو كۆنگرە و لەوێ كەسێكی تر ببێتە سەرۆكی پارت، بەمەش كۆتایی بە ژیانی سیاسیی مێركل دێت، چونكە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی پارتی یەكگرتووی دیموكراتی كریستیانەكانی ئەڵمانیا بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکاری باڵاش کاندید دەبێت. مێركل لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشكرای كرد، ئەو لە كۆنگرەی پارتەكەی خۆی كاندید ناكاتەوە و وەكوو ڕاوێژکاری باڵا تا ٢٠٢١ لەو پۆستە دەمێنێتەوە و ئیدی شوێنەكەی بۆ كەسێكی تر چۆڵ دەكات. پێشبینی و بۆچوونەكان بۆ ئەوەیە، لە ٢٠٢١ ئەڵمانیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە حكوومەتی هاوپەیمانی كێشەی تێ كەوتووە، بۆیە مێركل دەڵێت گەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، ئیدی خۆی كاندید ناكاتەوە. مێركل باسی لەوەش كرد، تاكوو ئێستا هیچ كەسێك لەلایەن پارتەكەیەوە وەكوو شوێنگرەوەی ئەو كاندید نەكراوە، بەڵام ئەو دەڵێت رێز لە هەموو بڕیارێكی دیموكراتی پارتەكەم دەگرم. ئاژانسی (AFP) بڵاوی كردووەتەوە، پارتەكەی مێركل لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ١٠٪ دەنگەكانی لەدەست داوە، ئەمەش وای كردووە مێركل خۆی كاندید نەكاتەوە.