لە غەززەوە هێرشی مووشەكی بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێكرد

پێش كەمێك هێرشێكی مووشەكی لە شاری غەززەی فەڵەستینەوە بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستی پێكرد، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی مێژوویی ئیمارات، بەحرەین و ئیسرائیل لە واشنتۆن. لەگەڵ كەوتنە خوارەوەی چەند مووشەكێك لە باشووری ئیسرائیل، كە لە غەززەوە ئاراستە كرابوون، زەنگی ئاگەداركردنەوە لە هەردوو شاری ئیشدود و عەسقەلانی باشووری ئیسرائیل دەستی بە لێدان كرد، ئەمەش بۆ ئاگاداربوون لە هەر هێرشێكی تر بكرێتە سەر وڵاتەكە. ئەم هێرشە لە هەمان كاتی ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامەی مێژوویی ئیسرائیل، ئیمارات و بەحرەینە، كە لە واشنتۆن بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەنجام دەدرێت. جێی باسە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، میوانداریی زیاتر لە 700 کەس لە باخی باشووری کۆشی سپیدا دەکات، بۆ ئەوەی ئیمزای رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە رێککەوتننامەی راگەیاندنی پشتگیریی ئاشتی لەنێوان بەحرین و ئیسرائیل لە یەک کاتدا ببینن. شێخ عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لە دیبلۆماتکارەکانی چەندین وڵات، رێککەوتننامەکە ئیمزا دەکەن.