هاوپەیمانان داوا دەکەن پەلە بکرێت لە رێککەوتنى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق

بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند هێزەکانى هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمەریکا داوایان کردووە پەلە بکرێت لە رێککەوتنى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق، چونکە رێککەوتنەکە سوودى دوو لایەنەى هەیە. لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگرى سوپاسالارى پێشمەرگە بۆ کاروبارى ئۆپەراسیۆن بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “دواى بەڕێوەچوونى دوو کۆبوونەوەى گرنگ لە نێوان هەردوو لیژنەى باڵاى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، بڕیارە کۆبوونەوەى سێیەم ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەى ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەى هەیە، بکرێتە رێککەوتن و  جێبەجێ بکرێت”. راشیگەیاند: “کۆبوونەوەکانى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بە چاودێرى و هەماهەنگى هێزەکانى هاوپەیمانان ئەنجام دەدرێت، هاوپەیمانانیش بەتایبەت ئەمەریکا پێیان باشە پێشمەرگە و سوپاى عێراق بگەنە رێککەوتن، بۆیە داوایان کردووە پەلەبکرێت لە رێککەوتنى نێوان هەردوولا، ئەو داوایەشیان زۆرتر لە سوپاى عێراق کردووە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” رێککەوتنى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق سوودى دوو لایەنەى هەیە و گرنگى تایبەتى هەیە، چونکە ئەو بۆشاییە ئەمنیەى لەنێوان هەردوولادا هەیە بووەتە مۆڵگەى چەکدارانى تیرۆرستى داعش و بەردەوام کردەوە تیرۆریستییەکانیان لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن و مەشق و راهێنان بە چەکدارانیان دەکەن”.