چەمچەماڵ.. لە ٤٥ ڕۆژدا ١٥ حاڵەتی تەقەکردن تۆمار کراوە

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئاشکرای دەکات کە لە ٤٥ ڕۆژی رابردوودا ١٥ حاڵەتی تەقەکردن لە سنووری قەزاکە تۆمار کراوە و ١٦ کەسیش  بەو هۆیەوە دەستگیرکراون. رەمک ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ئەوە داوە کە لە ماوەی ٤٥  ڕۆژدا واتا لە سەرەتای مانگی ئاب تاکو ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی ١٥ حاڵەتی تەقەکردن تۆمارکراوە. ڕاشیگەیاندووە” ١٦ کەس لە تەقەکەرەکان دەستگیرکراون و هەموو ئەو کەسانەش کە فەرمانی گرتنیان هەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێن و چاوپۆشی لە کەس ناکرێت”. ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە تەقەکردن لە سنووری قەزاکە حاڵەتە و دیاردە نییە و بەراورد بە ڕابردوو زۆر کەم بووەتەوە.