ئەمشەوی پێنجشەممە حكوومەتی ئێران سەركۆنەی ئەو هێرشانەی كرد كە لە بەغدا دەكرێنە سەر نێردە دیبلۆماسییەكانی وڵاتان و داوای لە حكوومەتی عێراق كرد دیبلۆماتكاران بپارێزێت. سەعید زادە گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند كە سەركۆنەی هەر هێرشێك دەكەن لە عێراق بكرێتە سەر نێردە دیبلۆماسیەكانی وڵاتان. گوتیشی داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەن ڕێوشوێنەكانی پاراستنی ناوچە دیبلۆماسییەكان توندتر بكات. زادە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی “فارس”ی ئێرانی، ئاماژەی بەوە داوە كە نێردە دیبلۆماسییەكانی ئێران لە عێراقدا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و پێویستە حكوومەتی عێراق سەلامەتیی دیبلۆماتكاران دابین بكات. جێی باسە جگە لە هێرشە بەردەوامەكانی دەكرێنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ڕۆژی سێشەممەی رابردوو لە ڕێگەی بۆمبێكەوە ئۆتۆمبێلێكی باڵوێزخانەی بەریتانیا لە بەغدا كرابووە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی لێ بكەوێتەوە.