پۆلیسی نەمسا 38 پەنابەری نایاسایی لەناو بارهەڵگرێکدا دۆزییەوە و رەگەزنامەی پەنابەرەکان ئاشکرا دەکات. پۆلیسی نەمسا رایگەیاندووە، ئەو 38 پەنابەرە نایاساییە خەڵکی وڵاتانی عێراق، سووریا و تورکیان و هەوڵیان داوە بە قاچاغ لە رۆمانیاوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا. پەنابەرە نایاساییەکان، کە شەشیان منداڵن، بڕی شەش تا هەشت هەزار یۆرۆیان داوە بۆ گەیشتن بە رۆژئاوای ئەوروپا. هەروەک پۆلیسی نەمسا رایگەیاندووە، شۆفێری بارهەڵگرەکە هاووڵاتییەکی تورکیایە، دانیشتووی رۆمانیایە و گومان دەکرێ قاچاغچی بێت. ئەو کاتەی پۆلیس بارهەڵگرەکەی راگرتووە، ژمارەیەک پەنابەر هەوڵی هاتنە دەرەوە و هەڵاتنیان داوە و پێنج کەسیان توانیویانە خۆیان لەدەست پۆلیس رزگار بکەن و 38یشیان دەستگیر کراون.