سەرکردەیەکی باڵای عێراقی هۆشداریی لە پەراوێخستنی وڵاتەکەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەدات و رایدەگەیەنێت، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی مەترسیی راستەقینە لەسەر عێراق دروست دەکەن. ئەمڕۆ هەینی 18-9-2020، میسال ئالوسی، سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئامانجی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دووخستنەوەی عێراق لە وڵاتانی جیهان و نزیککردنەوەیەتی لە ئێران، بۆ ئەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق فراوانتر بێت. میسال ئالوسی بەردەوامبوونی هێرش و پەلاماردانی باڵوێزخانەی وڵاتان لە بەغدا، ”مەترسییەکی راستەقینە“ لەسەر عێراق دروست دەکات. سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی جەختی لەوە کردەوە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران بە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەکان تۆمەتبار دەکات و هۆشداریی لەوە دەدات، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، وڵاتانی جیهان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق دەپچڕینن و پەراوێزی دەخەن. میسال ئالوسی بەپێویستی دەزانێ حکوومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئەو میلیشیایانەی بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەکان، رێک بخات، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە ناوبانگی عێراق بکات.