ڕێگری لە هەوڵێكی دزینی نەوت كرا، كە گرووپێكی چەتە ویستبوویان لە ڕێی كونكردن و شكاندنی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی نێوان میسان و بەسڕە، ئەو كارە ئەنجام بدەن. ئێوارەی هەینی 18/9/2020، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، ڕای گەیاند، كە شكستیان بە هەوڵێكی دزینی نەوت هێناوە، ئەنجامدەرانی ئەو كارە، ویستوویانە لەڕێی شكاندنی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی نێوان هەردوو پارێزگای میسان و بەسڕەی باشووری عێراق، ئەو كارە ئەنجام بدەن. بە پێی ئەو بەیاننامەیەی كە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری بڵاوی كردووەتەوە و وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، كە لە چوارچێوەی تەواوكاریی ئەركەكەیان، بە گرتنی ئەو چەتە و سەرەڕۆیانەی تاوانی ڕێكخراو دەكەن و لە پێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی، بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری، دەستەیەكی هۆبەی هەواڵگریی سەربازی لە لیوای 36ـی فیرقەی نۆی سەركردایەتیی پرۆسەكانی بەسرە و هێزێك لە فەوجی دووی لیوای مغاویر، هەوڵێكی دزینی نەوتیان لە بۆڕیی گواستنەوەی نێوان میسان و بەسڕە شكست پێ هێنا، كە ئەو بۆڕییە نەوتی لە كێڵگەی بازركان لە میسان بەرەو فاو دەگواستەوە. ئاماژە بەوەش كراوە، كە دەست بەسەر ئەو كەلوپەل و پێویستییانەدا گیرا، كە ئەو گرووپە بە نیازبوون لەو پرۆسەیەدا بەكاری بهێنن.