سەرۆکی پێشووتری دەستەی دەستپاکی (نەزاهە)ی عێراقی رایدەگەیەنێت، گەورەترین گەندەڵی لە سەرانسەری عێراق، لە وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتەیە. رەحیم ئەلعگێلی، سەرۆکی پێشووتری دەستەی نەزاهەی عێراقی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، گەندەڵی لە %90ـی جەمسەرەکانی دەوڵەتی عێراق هەیە و لە هەموو کایەکان گەندەڵی کراوە. رەحیم ئەلعگێلی هەروەها رایگەیاند، گەورەترین گەندەڵی لە عێراق لە وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە هەیە، کە زۆرتر خۆی لە گرێبەستەکانی رێگەپێدان بە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت دەبینێتەوە و نەهێشتنی ئەو گەندەڵییەش پێویستیی بە ”یەک دەوڵەتی تەواو“ هەیە. سەرۆکی پێشووتری دەستەی نەزاهەی عێراقی ئاماژەی بە گەندەڵییە گەورەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، زۆرترین گەندەڵی، جگە لە گەندەڵییەکانی وەزارەتی نەوت، لە چوار سێکتەری جیاوازی عێراق دایە، کە بریتین لە؛ – گرێبەستەکانی کڕینی چەک لە وەزارەتی بەرگری – گرێبەستەکانی کڕینی خۆراک بۆ بایەعی بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق – گرێبەستەکانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبا – گرێبەستەکانی ئاو لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان