فڕۆكەخانەی بەغدا مووشەكباران كرا

پێش كەمێك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن هێزێكی نادیارەوە مووشەكباران كرا، بەم هۆیەوە هێزێكی زۆر لە دەوروبەری فڕۆكەخانەكە بڵاوكرانەوە. سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەكەوە بە (باسنیوز)ی راگەیاند ئەمشەو بۆ جارێكی تر هێرشی مووشەكی كرایە سەر فڕۆكەخانەی بەغدای پایتەختی فیدراڵی، سێ مووشەك لە دەوروبەری فڕۆكەخانەكە كەوتوونەتە خوارەوە. بە پێی سەرچاوەكە، جارێ قەبارەی زیانە گیانی و داراییەكانی هێرشەكە نەزاندراوە، بەڵام بەهۆیەوە هاتوچۆ لە ناوخۆی فڕۆكەخانەكە ڕاگیراوە. كەمێك دوای هێرشە مووشەكیەكە، كۆپتەری ئەمریكی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەكە فڕین و چاودێری ناوچەكە دەكەن. جێی باسە لەبارەی سەرچاوەی ئەم هێرشانەوە، ئەمریكا میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەكات.