پاسداران بەهای خوێنی قاسم سولەیمانی دیاری دەکات

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بەهای خوێنی فەرماندەی کوژراوی سوپای قودسی ئێرانی، دیاری دەکات. لیوا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی پاسداران لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، هەر دەبێ ”رژێمی ئەمریکا“ تاڵیی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس بچێژێت. لیوا حوسێن سەلامی هەروەها رایگەیاندووە، بەهای خوێنی قاسم سولەیمانی بریتییە لە هەرەسهێنان و رووخاندنی رژێمی سیاسیی ئەمریکا. فەرماندەی سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران بە دژایەتیکردنی هەژموونی ئەمریکا تۆڵەی کوژرانی سولەیمانی دەکاتەوە، نەوەک بە کوشتنی سەربازێک و باڵوێزێکی ئەو وڵاتە. لیوا حوسێن سەلامی پێیوایە خوێنی هیچ کەسێکی ئەمریکی هاوتا و بەهای خوێنی قاسم سولەیمانی نییە و دەبێ ئەمریکا چاوەڕێی ”تۆڵەیەکی بەهێز“ی ئێران بنکاتەوە، چونکە قاسم سولەیمانی ”مافی جیهادی بەسەر ئێمەوە هەیە“. بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد. بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران. قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.