سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کرێکارێک ڕوونکردنەوە دەدات

سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاری و هۆکاری گاینلەدەستدانی کرێکارێک لە یەکێک لە پڕۆژەکانی شارەکە ئاشکرا دەکات. پۆڵا ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لەسلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ دووشەممە ٢١⁄٩⁄٢٠٢٠ کرێکارێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی یاسین عەلی مەولوود، لە کاتی کارکردنی بۆ کۆمپانیایەک بە هۆی تەزووی کارەباوە  کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا، کە هۆکاری ڕووداوەکەش کەمتەرخەمی و مەترسیی شوێنی کارەکە بووە. گوتیشی: “بە پێی بەدواداچوونەکانمان بۆ شوێنی ڕووداوەکە ھۆکاری سەرەکی کەوتنەخوارەوەی کرێکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزیی ئەسکەلەکە و نزیکیی لە ھێڵی کارەبای  ناو پڕۆژەکەوە، ھەروەھا ھیچ کەرەستەیەکی خۆپارێزی و قایشی خۆبەستنەوە بۆ کرێکارەکە دابین نەکراوە کە ئەرکی خاوەنکارە ئەو پێداویستیانە بۆ کرێکار دابین بکات، بۆ ئەوەی لە ئەگەری کەوتنەخوارەدا مەترسی لەسەر ژیانی کرێکارەکە دروست نەبێت”. پۆڵا ئەحمەد، راشیگەیاند: “ئەگەر خاوەن کار چەند ڕێککارێکی سەلامەتی بۆ کرێکار بگرێتە بەر ھیچ کرێکارێک ڕووبەڕووی مەترسی نابێتەوە، بۆیە داوا لە خاوەنی ئەو کۆمپانیایە دەکەین، سەردانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی بکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی یاساوە کێشەکە چارەسەر بکەین چونکە کرێکارەکە لە کاتی کارکرندا گیانی لەدەست داوە”.