دەوڵەتی قوبرسی یۆنانی داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات بەپەلە سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. ئەمڕۆ دووشەممە 21-9-2020، نیکۆس کریستۆدۆلیدیس، وەزیری دەرەوەی قوبرس بە میدیاکانی راگەیاندووە، تورکیا بڕیاری کارکردنی زیاتری بە کەشتیی (یاڤوز) بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گازی سروشتی لە ئاوەکانی قوبرس، داوە. نیکۆس کریستۆدۆلیدیس پێیوایە تورکیا بەو کارەی ”نیازی راستەقینە“ی خۆی بە ئاڵۆزترکردنی کێشەکان نیشان داوە و داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە، ”بەپەلە“ سزا بەسەر تورکیا بسەپێنێت. کێشەی نێوان تورکیا و قوبرسی یۆنانی خۆی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتی لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست دەبینێتەوە، کە قوبرسی یۆنانی ئەو ئاوانە بە سنووری وڵاتەکەی دادەنێت، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی باکووری دوورگەی قوبرس لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 1974 و دامەزراندنی دەوڵەتی قوبرسی تورکی، کە تەنیا تورکیا دانی پێدا ناوە.
قوبرس داوای بەپەلە سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا دەکات
