نوێنەرانی 6 وڵاتی کەناری دەریای سپیی ناوەڕاست، ئەمڕۆ سێشەمە 22/ 9/ 2020 لە میسر پەیماننامەی گواستنەوەی کۆڕبەندی غازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بۆ رێکخراوێکی هەرێمی واژۆ کرد. هەریەکە لە وڵاتانی میسڕ، ئوردەن، ئیسرائیل، یۆنان، قوبڕس و ئیتالیا واژۆیان لەسەر پەیماننامەکە کردووە. هاتنی میسڕ بۆ ناو رێکخراوی غازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیدا هاتووە بۆ گواستنەوەی رێکخراوەکە بۆ سەنتەری هەرێمیی بۆ وزە لە ناوچەکەدا. میسڕ دوو دامەزراوەی بۆ غازی سروشتی هەیە و کارکردنی تێدا راگرتبوون، یان بە کەمترین تواناوە کاریان تێدا دەکرا کە ئێستا دەکرێت بۆ هەناردەکردن بەکار بهێنرێن. لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کۆگای گەورەی غاز لە ئاوەکانی ئیسرائیل و میسڕ و قوبڕسدا بەدەرکەوتوون. بەڵام ماوەی چەند مانگێکە تورکیا تاکڕەوانە بەتەمایە لە دەریای سپیی ناوەڕاست غازی سروشتی بدۆزیتەوە و هەموو هەولێکی خۆی خستووەتە گەڕ و لە دوورگەکانی یۆنان نزیک بووەتەوە و ئەمەش وڵاتانی ئەورووپیی تووڕە کردووە و ئەم ڕێککەتنە لە میسر لەدژی هەوڵەکانی تورکیا دێتە ئەژمار.
لە میسڕ رێککەوتنامەی غازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست واژۆ کرا
