ئەنجوومەنی گشتیی پەنابەرانی نەرویجی ڕاگەیاندووە بەپێی ڕاپرسییەک کە ئەنجامیان داوە77%ی پەنابەرانی جیهان، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، دەرفەتی كاركردنیان لەدەست داوە. ئەنجوومەنی گشتیی پەنابەرانی نەرویجی راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی پەنابەرانی جیهان بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی تا كۆتایی ساڵی 2019، ژمارەی پەنابەران لە هەموو جیهان، 79 ملیۆن كەس بووە، ئەم ژمارەیەش دەكاتە 1%ی کۆی دانیشتوانی جیهان. ئەو ئەنجوومەنە ڕاپرسییەكی لەناو هەزار و 413 پەنابەر لە 14 وڵاتی جیهان کردووە و لە ئەنجامدا دەركەوتووە كە 77% پەنابەران ڕایان گەیاندووە بەهۆی كۆرۆنا لە دۆخێكی خراپدان و دەرفەتی كاركردنیان لەدەست داوە، هەروها 73%ی پەنابەرانیش لەگەڵ ئەوە نین كە منداڵەكانیان ئەمساڵ بنێرنە بەر خوێندن. جان ئیجلاند كە بەرپرسی ئەم دامەزراوەیە دەڵێت: “بەهۆی كۆرۆناوە دۆخی پەنابەران لە خراپیدایە، ئەم دۆخەش ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا كارەساتی مرۆیی گەورە ڕووبەرووی پەنابەرانی جیهان دەبێتەوە”. لە كۆتایی راپۆرتەكەشدا ئاماژە بە قسەی یەكێك لە پەنابەرانی ئەفغانستان لە کمەپێک كراوە كە گوتوویەتی ئەگەر كۆرۆناش نەمانكوژێت، ئەوا بەهۆی برسیەتییەوە هەموومان دەمرین.