ئاژانسی بۆشاییگەریی ئەمریکی (ناسا)، وردەکاریی پلانی جارێکی دیکە چوونەوە سەر مانگی لە ساڵی 2024 بە فەرمی ڕاگەیاند، لەم گەشتە نوێیەیدا ئافرەتێکیش بەشدارە. ناسا لە چوارچێوەی بەرنامەکەیدا، کە بە ناوی (ئارتیمێس)ە، پیاوێک و ئافرەتێک دەنێرێتە سەر مانگ، وەک یەکەم دابەزین لەدوای گەشتی پێشووتری (ئەپۆلۆ 17)ی ساڵی 1972. بەگوێرەی ئاژانسى (سکای نیوز)ی بەریتانی، ئەو ئاسمانگەڕانە بە کەشتییەکی هاوشێوەی (ئەپۆلۆ) گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان دەکەن، کە ناوی (ئۆریۆن)ە و لەسەر مووشەکێک هەڵدەدرێ کە پێی دەگوترێ (ئێس ئێڵ ئێس)، قۆناغی یەکەمی گەشتەکە ناوی (ئارتیمێس 1)ە و ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێ، لەو گەشتەدا تێکڕای سیستەمە گرنگەکان تا پایزی 2021 تاقی دەکرێنەوە، هەرچی قۆناغی دووەمی گەشتەکەشە ناوی (ئارتیمێس 2)ە و لە ساڵی 2023دا دەست پێدەکات، لەگەڵ ئەو گرووپەی کە لەناویدایە، بەڵام دوا قۆناغ، کە ناوی (ئارتیمێس 3)یە، لە ساڵی 2024 دەست بە گەشتەکەی دەکات و گرووپەکە لەسەر جەمسەری باشووری گۆی مانگ دادەبەزن. ئەو گرووپە بۆشاییگەرە جلوبەرگی زۆر پێشکەوتوو دەپۆشن، کە زۆر زیاتر یارمەتییان دەدا لە جووڵە، بەراورد بەو جلوبەرگانەی لە گەشتەکەی پێشووی ئەپۆڵۆ پۆشیبوویان. گرووپەکە حهوت ڕۆژ لەسەر ڕووی مانگ دەمێننەوە و لەو ماوەیەدا نموونە لە هەموو ئەو کانزا و مادانە وەردەگرن و بەر لەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی، چەندین تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکەن. بە گوتهى جیم بریدینساین، بەڕێوەبەری ناسا، تێچووی ئەم گەشتە 28 ملیار دۆلارە، دهشڵێت: “ئێمە جارێکی دی دەچینەوە سەر مانگ، بۆ بەدواداگەڕان و دۆزینەوەی زیاتری دەسکەوتی زانستی، هەروەها بۆ سوودی ئابووری و بەهرەمەندبوونی نەوەی نوێ لە گەڕیدە و دۆزینەوەکانیان”.