سەرۆكی دەزگایەكی راپرسی لە توركیا ئاشكرای دەكات، لە ماوەی ١٥ مانگدا ٥٧ راپرسی لە توركیا کراون و لە خەڵكیان پرسیوە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجام بدرێت دەنگ بە كێ دەدەیت؟ لە ئەنجامی هەر ٥٧ راپرسییەکەدا دەنگەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا نەگەیشتووەتە ٥٠+١. كەمال ئۆزكیراز سەرۆكی دەزگای راپرسیی (ئەڤراسیا)، لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، ١٩ دەزگای ڕاپرسی لە توركیا لە ماوەی ١٥ مانگدا ٥٧ راپرسییان کراوە و ئەنجامی هەموو راپرسییەكان دەریخستووە، كە دەنگی ئەردۆغان ناگاتە ٥٠+١. هەروەها دەنگەكانی ئاكەپەش لەو ٥٧ راپرسییە نەگەیشتووەتە ٤٠٪، بەڵكوو بە شێوەیەكی گشتی لە نێوان ٣٥ بۆ ٣٨٪ بووە. كەمال باسی لەوەش کردووە كە دەنگدەرێكی زۆر لە توركیا دوودڵن دەنگ بە كێ بدەن و گوتوویانە نازانین كێمان پێ باشە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر دەنگی ئەو دەنگدەرانەش حیساب بكرێت، رێژەی دەنگەكانی ئەردۆغان دەگاتە ٤٦.١٪. بە گوێرەی دەستووری توركیا، كاندیدی سەرۆكایەتی پێویستە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا ٥٠+١ بەدەست بهێنێت و ئەگەر نەیتوانی، ئەوكات هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەم.
لە توركیا ٥٧ ڕاپرسی كراوە و دەنگەکانی ئەردۆغان نەگەیشتوونەتە٥٠٪
