چەکدارە ئەفغانییە شیعەکان کۆنگرەی یەکەمی خۆیان لە ئێران دەبەستن

چەکدارەکانی میلیشیای لیوای فاتمیون، یەکەم کۆنگرەی خۆیان لە شاری مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، دەبەستن. بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاشکرا بووە، کۆنگرەی یەکەمی لیوای فاتمیون لە رۆژی هەینیی رابردوو لە نزیک مەزاری ئیمام رەزا لە مەشهەد، بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارنی ئێران، ساز کراوە. لیوای فاتمیون لە کۆنگرەکەدا، وێنەی سەرکردەی باڵای خۆی هەڵواسیوە، بەڵام ناوەکەی بەهۆی رێکارە ئەمنییەکانەوە، ئاشکرا نەکردووە. لیوای فاتمیون لە کۆنگرەکەدا، جەختی لە دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل و تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، کردووەتەوە. میلیشیای فاتمیون لە ساڵی 2014 بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە پەنابەرە ئەفغانییە شیعەمەزهەبە ئاوارەکان، کە بەهۆی شەڕە درێژخایەنەکانی ئەفغانستان ئاوارەی ئێران ببوون، پێکهێنرا. چەکدارەکانی فاتمیون لە سووریا ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار چەکدار دەبێ، بەڵام سەرچاوە ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن، کە ژمارەی چەکدارەکانی فاتمیون 15 هەزار چەکدارە. میلیشیای فاتمیون پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکەن و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە دەپارێزن و لە مانگی 1ـی 2019ـەشەوە خراونەتە ناو لیستی سزاکانی ئەمریکا.