بەرلە بەڕیوەچوونی كۆبوونەوەی لووتكەی یەكێتیی ئەورووپا کە بڕیارە لە ٢ بۆ ٣ی١٠ی٢٠٢٠، ساز بکرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا نامەیەك بۆ سەرۆكانی یەكێتیی ئەورووپا دەنێرێت و دەڵێت دەمانەوێت پەیوەندیی نێوان توركیا و یەكێتیی ئەورووپا ئاسایی بكەینەوە. یەكێتیی ئەورووپا بەنیازە لە كۆبوونەوەی لووتكەی خۆیدا، لەسەر داوای یۆنان سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت، چونكە لە دەریای سپی تاكلایەنە بە دوای گازی سروشتیدا دەگەڕێت، بۆیە ئەردۆغان بەر لەو كۆبوونەوەیە نامەیەك بۆ سەرۆكەكانی یەكێتیی ئەورووپا دەنێرێت. عەبدولقادر سەلفی رۆژنامەنووسی زۆر نزیك لە ئەردۆغان، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت ئەردۆغان دەیەوێت پەیوەندیی توركیا و یەكێتیی ئەورووپا گیانی بەبەردا بێتەوە. سەلفی باس لە نامەیەكی ئەردۆغان دەكات كە بۆ سەرۆكەكانی یەكێتیی ئەورووپای ناردووە و، لەوێدا ئەردۆغان داوایان لێ دەكات كە پەیوەندیی توركیا و یەكێتیی ئەورووپا گیانی بەبەردا بێتەوە. ئەو دەنووسێت: “ئەردۆغان لەو نامەكەدا باس لە دەریای سپی دەكات و دەڵێت ئێمە وەكوو توركیا لەگەڵ دیالۆگین و نامانەوێت یۆنان و ڕۆمەكان بورووژێن و تاكلایەنە بڕیار بدەن، ئێمە ئەوە قبووڵ ناكەین. ئەردۆغان باسی لەوەش كردووە، ئێمە لەگەڵ زیندووكردنەوەی پەیوەندیی نێوان توركیا و یەكێتی ئەورووپاین”.
ئەردۆغان نامەیەك بۆ سەرۆكایەتیی یەكێتیی ئەورووپا دەنێرێت
