فەڕەنسا: هێرشەکەی پاریس هەوڵێکی تیرۆریستی بووە

جڕاڵد دامارنین، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاشکرای کردووە هێرشەکەی دوێنێ کەلە نزیک نووسینگەی پێشووی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ ڕووی داوە، هەوڵێکی تیرۆریستی بووە. وەزیری ناخۆی فەڕەنسا بە کەناڵی دووی ئەو وڵاتەی گوتووە، ئەو هێرشە لە نزیک نووسینگەی پێشووی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ ڕووی داوە کە تێیدا چوار کەس بریندار بوون و دۆخی دوو کەسیان ناجێگیرە و هێرشبەرەکان ئیسلامییە توندڕەوەکان بوون و بۆ ئەو مەبەستەش ساتۆری قەسابییان بەکار هێناوە. جەختیشی کردووە ئەو هێرشە هەوڵێکی تیرۆریستی و خوێناوی بووە لەدژی وڵاتەکەمان. بەپێی زانیاریی میدیاکانی فەڕەنسا هەتا ئێستا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو هێرشەدا حەوت گومانلێکراو دەستگیر کراون. دوێنێ هەینی لەناو شاری پاریس و لە نزیک نووسینگەی پێشووی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ کە پێشتر چەند کاریکاتێرێکی پێغەمبەری ئیسلامی بڵاو کردبووەوە، کەسێک بە ساتۆری قەسابی چوار کەسی بریندار کردووە و باس لەوە دەکرێت کەسی هێرشبەر لەناو دەستگیرکراوەکاندایە. ئەم هێرشە دوای ئەو ڕووداوە هاتووە کە شارلی ئیبدۆ، گۆڤاری تەنزی فەڕەنسی کە ساڵی ٢٠١٥ لەبەر بڵاوکردنەوەی چەند کاریکاتێرێکی پێغەمبەری ئیسلام کەوتبووە بەر هێرشی توندڕەوەکان، دیسان ئەو کاریکاتۆرانەی ڕێکەوتی ١ی ٩ی ٢٠٢٠ بە مانشێتی (ناکرێ مێژوو بنووسرێتەوە، یان بکرێتەوە) چاپ و بڵاو کردەوە کە جارێکی دیکە لەلایەن توندڕەوەکان هەڕەشە لە بەریوەبەرانی گۆڤارەکە کرا.  ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەو کاریکاتێرانە، پرۆسی دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە دەستی پێ کرد و ئێستاش پرۆسەی دادگاییکردنەکە هەر بەردەوامە.