پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنە سیاسییەکان لەسەر بڕگەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە پڕۆژە یاساى هەڵبژارنەکانى عێراق ، کۆبوونەوەی و گفتوگۆی پەرلەمان بۆ مانگى داهاتوو دواخرا. د.مەیادە نەجاڕ، بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “دواى مشتومڕێکى زۆرى لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانى پەرلەمان نەیانتوانى بگەنە رێککەوتن لەسەر پڕۆژە یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق، چونکە بۆچوونى جیاواز هەیە لە نێوان کورد و سوننە و شیعە، بە جۆرێک شیعە لەنێوخۆیاندا بوونەتە چەندین کوتلە و بەرەى جیا و لە سەر شێوازێک رێکنەکەوتوون”. راشیگەیاند: “بەشێکى شیعە بەتایبەت هاوپەیمانى سائیرون لەگەڵ سیستەمى فرەبازنەییدان بۆ هەڵبژاردنەکانى عێراق، بەشێکى دیکەشیان بوچوونێکى پێچەوانەیان هەیە، سووننەش بۆچوونى جیاوازیان هەیە لەسەر یاساکە و بەجۆرێک زۆرینەیان لەگەڵ شێوازى یەک بازنەییدان، هەرچى سەرکردایەتى و فراکسیۆنە کوردستانییەکانە زۆرینە لەگەڵ ئەوەن سیستەمى یەک بازنەیى لە هەڵبژاردنەکانى عێراق پەیڕەو بکرێت، واتا هەموو عێراق یەک بازنەى هەڵبژاردن یان هەر پارێزگایەک یەک بازنەى هەڵبژاردن بێ لە جیاتى چەند بازنەیەک”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” سەرۆکایەتیی پەرلەمانى عێراق ماوەیەکى بە فراکسیۆنەکان داوە بۆ ئەوەى لەنێوخۆیاندا لەسەر سیستەمێک بۆ هەڵبژاردنەکان رێکبکەون، هەربۆیەش دانیشتنى تایبەت بە دەنگدانى پڕۆژە یاساى هەڵبژارنەکان بۆ 10ى مانگى داهاتوو دواخست”.