حكوومەتی توركیا بە فەرمی دژی بۆردومانكردنی ئازەربایجان لەلایەن سوپای ئەرمینیاوە هاتە دەنگ و دەڵێت با ئەرمینیا بزانێت ئازەربایجان تەنیا نییە. ئیبراهیم كاڵن گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسینێكی لەبارەی بۆردومانی ئازەربایجان لەلایەن سوپای ئەرینیاوە بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت وەكوو توركیا بە توندی ئیدانەی دەكەین. كاڵن نووسیویە: “ئەرمینیا بڕیاری ئاگربەستی لەگەڵ ئازەربایجان پێشێل كردووە و پیشانی داین كە لەگەڵ ئارامیدا نییە. دەبێت ئەرمینیا ئەوە باش بزانێت كە توركیا هەمیشە پشتگیری لە ئازەربایجان دەكات و بە تەنیا نییە”. كاڵن دەڵێت توركیا خاوەن هێزیكی گەورەیە و بەتەواوی و بەهێزەوە پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكات ئەگەر بێت و ئەرمینیا هێرشی بكاتە سەر. ئەمڕۆ یەکشەممە 27-9-2020، نیکۆڵ باشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رای گەیاندووە، ”دوژمن“ هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی قەرەباغ. هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری قەرەباغ، کە وڵاتێکی دانپێدانەنراوە، رای گەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشێکی ئازەربایجانی داوەتەوە و توانیویەتی دوو فڕۆکەی جەنگی و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئازەرەبایجانی بخاتە خوارەوە.
توركیا لەسەر شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان هاتە دەنگ
