نووسەر و چاودێرانی سیاسیی تورکیا باس لەوە دەکەن، کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار و بزووتنەوەی نەژادپەرستی تورکیا (مەهەپە)ی هاوپەیمانی هەوڵ دەدەن بە بەشەیتان نیشاندانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئەو حزبە لە ئۆپۆزیسیۆنی وڵات دوور بخەنەوە و ئەوەش لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی وڵاتەکە دایە. دادگاکانی تورکیا بەهۆی دۆسیەی خۆپیشاندانی هەدەپە لە ئامەد، کە شەش ساڵ بەر لە ئێستا کراوە، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ 82 ئەندام و سەرکردەی هەدەپە، کە لەنێویاندا سێ پەرلەمانتار هەن، دەرکردووە. ئۆیا بایدەر، نووسەری ناسراوی تورکیا، لە وتارێکدا، کە لە ماڵپەری (T٢٤)ـی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، داوا لە ئۆپۆزسیۆن دەکات واز لە ئیدانەی هەنگاوەکانی حکوومەتی تورکیا بھێنن، چونکە ”دەسەڵات دەیەوێت ھەموو شتێک لەناو ببات بە تایبەت دیموکراتی“. ئۆیا بایدەر پێیوایە دەستگیرکردنی لایەنگرانی ھەدەپە پەیامێکە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا تا یەکگرتووبن و بە ھەموو شێوەیەک دژی دەسەڵات و رەفتارەکانی بووەستنەوە. هەروەها ئەحمەد تاشتەکین، نووسەری دیاری رۆژنامەی (قەرار)، لە وتارێکدا رایگەیاندووە، ئەو ئۆپەراسیۆنەی بەرامبەر بە ھەدەپە دەکرێت، ”پێمان دەڵێت ھاوپەیمانیی (کۆماری) دەیەوێت ھەدەپە بە شەیتانی بکات، تا لەو رووەوە گورز لێ بدات“. ئەو نووسەرە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حکوومەتی تورکیا هەر بە دەستگیرکردنی 82 ئەندامی هەدەپە ناوەستێت، بەڵکو ”ئەو دەستگیرکردنە هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێت“. بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسیی تورکیا لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و میدیاوە ھۆشداریی دەدەنە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بەوەی ئەگەر بێدەنگ بن بەرامبەر بەو هەنگاوانەی حکوومەت لە دژی ھەدەپە، ئەوا ”لە داھاتوویەکی نزیکدا نۆرەی ئەوانیش دێت و دەخرێنە زیندانەوە“. پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە)، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، رەخنە لە دادگاکانی تورکیا دەگرێت و دەرکردنی فەرمان بۆ ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی هەدەپە بە هەوڵێک بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتی تورکیا، ناودەبات. رۆژنامەی (جومھورییەت) بڵاوی کردووەتەوە، کە ئاکەپە و مەھەپە ترسیان ھەیە تورکیا بچێتە ناو ھەڵبژاردنی پێشوەختەوە و لەو هەڵبژاردنەش، هەدەپە دەنگی خۆی بخاتە بەرژەوەندیی ئۆپۆزیسیۆن، بۆیە دەیانەوێت ھەدەپە وەک شەیتان نیشان بدەن، بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بیر لەوە نەکاتەوە، کە هەدەپە بخاتە ناو هاوپەیمانییەکەیەوە.
نووسەرانی تورکیا: ئاکەپە هەوڵی دوورخستنەوەی هەدەپە لە ئۆپۆزیسیۆن دەدات
