وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوو پێوەندیی تەلەفۆنیی جیاوازدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا داوای لێ کردوون کێشەکانیان لەڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکەن و ڕای گەیاندووە ئیران ئامادەیە نێوبژیوانییان بکات. بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، محەمەدجەواد زەریف لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا لەگەڵ هەر یەکە لەگەڵ جەیحوون بایرامۆف، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان و زەهراب مناتسکانیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا قسەی کردووە و داوای ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەستی لێ کردوون و گوتوویە با کێشەکانیان لە چوارچێوەی دانوستان و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا چارەسەر بکەن. وەزیری دەرەوەی ئیران هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە کە بۆ ئاگربەست و دەسپێکی گفتوگۆ و سەقامگیریی ئاشتی و ئاشکرای کردووە ئەوان ئامادەن نێوبژیوانیی ئەرمینیا و ئازەربایجان بکەن. شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان کە لەسەر ناوچەی کێشەلەسەری (قەرەباخ)ە کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیا دایە، لە دوێنێ یەکشەممەوە دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستا لە هەردوولا ٢٦ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندارن. پاش هاتنە ئارای ئەو رووداوانە تورکیا ئاشکرای کردووە بە هەموو هێزی خۆیەوە ئامادەی پاڵپشتیی ئازەربایجانە و بەپێی زانیاریی دیپلۆماتکارانی ئەرمینیا تورکیا میلیشیا چەکدارە توندڕەوەکانی سووریای بۆ پاڵپشتیی ئازەربایجان ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە. لە بەرانبەردا نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، لەبارەی مەترسیی شەڕێکی قورس لە نێوان وڵاتەکەی و ئازەربایجان هۆشداریی داوە. هاوکات ئیلهام عەلیۆف، سەرکۆماری ئازەربایجانیش ئاشکرای کردووە: “هیوادارین داگیرکاریی ٣٠ ساڵەی ناوچەی قەرەباخ، کۆتایی پێ بێت. لە بەرانبەردا ڕووسیا داوای ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەستی لە هەردوو وڵات کردووە و دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکاش ڕای گەیاندووە ئەوان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و لە هەوڵدان ئارامی و سەقامگیری بگەڕێننەوە بۆ ناوچەکە.
ئێران: ئامادەین نێوبژیوانیی ئەرمینیا و ئازەربایجان بکەین
