ئەمشەوی دووشەممە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و فراكسیۆنی (ئەلسائیرون)ی پەرلەمانی عێراق، چەند لایەنێكی وڵاتەكەی تۆمەتبار كرد بەوەی دەیانەوێ دۆخی ئاسایشی عێراق بشێوێنن و شەڕی ناوخۆی تایفە و شیعی هەڵگیرسێنن. سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی “چەند لایەنێكی گوماناوی هەن دەیانەوێ دۆخەكە بشێوێنن و ئاسایش بخەنە مەترسییەوە”. دەشڵێ “لێرەوە ئامۆژگاری هەموو لایەك دەكەم بگەڕێنەوە بۆ ژیری و شەریعەت و خۆشەویستیی نیشتمان.. بەر لەوەی دەست بۆ شتێك ببەن كە وڵاتەكە بخاتە شەڕی ناوخۆیی یان پێكدادانی ناوخۆی شیعی و تایفی”. جێی باسە عێراق لە دوێنێوە كەوتووەتە قۆناغێكی نوێوە بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی میلیشیا شیعییەكان بۆ سەر نێردەی دیبلۆماسی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق، بە تایبەتییش دوای ئەوەی دوێنێ یەكشەممە ئەمریكا بە توندی هاتە وەڵام و هەڕەشەی لە عێراق كرد.