سەرۆك شارەوانییەكی هەدەپە لە زیندان ژەهرخوارد دەكرێت

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات، ئەیهان بیلگەن سەرۆكی شارەوانی قارس، دوای ئەوەی دەستگیر كراوە، لەناو زیندان ژەهری بۆ خراوەتە ناو خواردن و باری تەندروستیی تێك چووە. هەدەپە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە (تویتەر)، راگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەیان داوە، دوای ئەوەی لە 25/9/2020،بە فەرمانی داواكاری گشتیی ئەنكەرا 82 كەس لە لایەنگرانی هەدەپە دەستگیر كران، كە لە ناویاندا ئەیهان بیلگەن، ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە و سەرۆكی شارەوانی قارسیشی تێدایە، بیلگەن لەناو زیندان ژەهری بۆ خراوەتە ناو خواردنەوە. هەدەپە ئاشكرای دەكات، هەر هەمان رۆژی دەستگیركردنیان، بۆ نانی ئێوارە ژەهر كراوەتە ناو خواردنی بیلگەن و باری تەندروستیی تێك چووە، بەڵام ئیدارەی گرتووخانەكە رێگەیان نەداوە ببرێتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. رۆژنامەی (جومهورییەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئاساییشی ئەنكەرا دانی بەوە داناوە كە بیلگەن ژەهر خوارد كراوە، بەڵام گووتویانە رێگەی دراوە ببرێتە نەخۆشخانە. لە توركیا سزادانی بەرپرسانی باڵا بە ژەهرخواردن مێژوویەكی درێژی هەیە و بۆ سەردەمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە، كە لەو سەردەمەدا چەندان پاشا ژەهرخوارد كراون. هەروەها سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا (تورگووت ئۆزەل) بە هەمان شێوە لە ساڵی ١٩٩٣ ژەهر خوارد كرا و گیانی لە دەست دا.