ئەنجوومەنی وەزیرانی کوێت: شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری کوێتە

دوای کۆچی دوایی شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری کوێت، ئەمڕۆ سێشەممە (29/ 9/ 2020)، ئەنجوومەنی وەزیرانی کوێت رایگەیاند کە لە ئەمڕۆوە وەلی عەهد شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری وڵاتە، دوای ئەوەی چەندین پۆستی باڵا و گرنگی لە مێژووی کوێتدا بەڕێوە بردووە. شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح، لەدایکبووی ساڵی 1937ی شاری کوێتە و شەشەم کوڕی دەیەمین حاکمی کوێت شێخ ئەحمەد ئەلجابر ئەلموبارەک ئەلسەباحە، کە لە ماوەی نێوان 1921 و 1950 حوکمی وڵاتی کردووە. شێخ نەواف 4 کچ و کوڕی هەیە، بەناوەکانی شێخ ئەحمەد، شێخ فەیسەڵ، شێخ عەبدوڵا و کچەکیشی بەناوی شێخە ئەلنەواف. لە نیسانی 1991، دوای ئازادکردنەوەی کوێت لە سوپای داگیرکاری عێراق و پێکهێنانی حکوومەت، داوا لە شێخ ئەلنەواف کرا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەربگرێ، لە ماوەی وەزیرایەتیی خۆیدا، چەند بڕیارێکی بۆ چاودێریی بێوەژن و منداڵی بێ باوک و بەساڵاچووان دەرکرد. لە تشرینی یەکەمی 1994 بوو بە جێگری سەرۆکی پاسەوانیی نیشتمانی، شوێنپێی لە رێکخستنەوەی پاسەوانی نیشتمانی و راگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان سەرباز و مرۆڤدا دروست کرد. لە 16ی ئۆكتۆبەری 2003 بە مەرسوومێکی میر، شێخ نەواف کرا بە جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوەخۆ. لە 7ی شوباتی 2006، میری کوێت فرمانێکی دەرکرد و لە فرمانەکەدا شێخ ئەلنەوافی کرد بە وەلی عەهد، لە 20ی هەمان مانگدا، ئەنجوومەنی گەل، بەیعەتیان بە شێخ ئەلنەواف دا، وەک وەلی عەهد.