بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، بەرەبەریانی ئەمڕۆ سێشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٧ بە پلەی ڕیختەر لە شاری “وەنەک” لە نێوان دوو پارێزگای ئیسفەهان و چوارمەحاڵی بەختیاری ڕووی داوە. ماڵپەڕی (میهر) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر ٧:٣٨ خولەکی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠.٩.٢٩ بە کاتی ئێران لە ناوچەی “وەنەک” لە نێوان پارێزگاکانی ئیسفەهان و چوارمەحاڵی بەختیاری و لە ١٠ کیلۆمەتریی قووڵایی زەوی ڕووی داوە. سەنتەری بوومەلەرزەکە ١٨ کیلۆمەتر بە شاری وەنەک، ١٨ کیلۆمەتر بە “ئالوونیە”ی چوارمەحاڵ و بەختیاری و ٢٣ کیلۆمەتر بە “گەنمان”ی ئیسفەهانەوە دوور بووە. هاوکات دوێنی دووشەممەش دوو بوومەلەرزە لە ماوەی یەک خولەکدا بە گوڕی ٣.٦ و ٣.٨ بە پلەی ڕیختەر شاری قەسرشیرینی سەر بە کرماشانیان هەژاند کە بوومەلەرزەکە لە سنووری گەرمیان و خانەقین لە باشووری کوردستانیش هەستی پێ کرابوو. هەر دوێنێ لە پارێزگای بووشێهری باشووری ئیرانیش دوو بوومەلەرزەی دیکە ڕوویان دابوو.
بووومەرلەرزە ناوچەیەکی ئێرانی هەژاند
