سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان بەهۆی پەتای كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد. هەڤاڵ ئیبراهیم، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 29/9/2020، سەلاح كوێخا، سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی پەتای كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە شاری سلێمانی كۆچی دوای كردووە.” گوتیشی: “بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان، وەك ئیدارەی ناوچەكە سەرەخۆشی لە خۆمان و هاووڵاتیانی كوردستان و گەرمیان دەكەین.” سەلاحەدین محەمەد، ناسراو بە سەلاح كوێخا لە ساڵی 1953 لە گوندی بانەبۆری سەر بە ناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین لەدایك بووە و لە ساڵی 1983 چووە شاخ و بووەتە پێشمەرگە، لە ساڵی 2010وە بووەتە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و تا كۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ و بۆ ماوەی 10ساڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بووە.