سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، پرسی دانوستان لەگەڵ ئازەربایجان بەسەرپەرشتیی رووسیا ڕەت دەكاتەوە و پێی وایە کاتی بەسەر چووە، بیرۆكەی هێنانی هیزە ئاشتیپارێزەكانیش بۆ هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ ناخاتە بەر باس. ئەمڕۆ چوارشەممە 30/9/2020، ئاژانسی ئینتەر فاکسی رووسی لە زاری نیكۆڵ باشینیان، سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیاوە گواستوویەتیەوە: “کاتەکە گونجاو نییە بۆ ئەوەی باس لە لوتکەی دانیشتنی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و رووسیا بکرێت، لە کاتێکدا هێشتا شەڕێکی توند بەڕێوە دەچێ، بۆ ئەوەی دانوستان بەڕێوە بچێ، پێویستە کەش و بارودۆخێکی گونجاو هەبێ”. هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا گوتی: “یەریڤان ئێستا بابەتی بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئاشتیپارێز لە هەرێمەکە ناخاتە بەر باس، کە ساڵنێکە ئۆتۆنۆمیی هەیە و خۆی بەڕێوە دەبات”. ئەم هەڵوێستەی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، لە کاتێکدایە، کە هەردوو وڵات فشارە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ دانیشتن و دانوستان رەت کردەوە. سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە لە خاکی وڵاتێکی دیکەوە بۆمباباران کراون. رۆژی یەکشەمەی رابردوو27/ 9/ 2020، شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی ناگرنۆ قەرەباخ هەڵگیرسا و تا ئێستا نزیکەی 100 کەس کوژراوە، لەنێوانیشیاندا خەڵکی سڤیل هەیە. رۆژی سێ شەمە (29/ 9/ 2020) ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پێکدادانەکان راگەیاند، کە دەبێتە هۆی بەرپابوونی شەڕێکی سەرتاسەری لەنێوان ئەرمینیا و ئازربایجان. دوای تاوتوێکردنی کێشەکە، ئەنجوومەنی ئاسایش، کە لە 15 وڵات پێکهاتووە، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەو راپۆرتانە راگەیاند، کە باس لە کردەوەی سەربازیی بەرفراوان دەکەن لە هەرێمەکەدا و بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی هێزیان کرد. بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەنجوومەنەکە لە بەیانێکدا رای گەیاندووە: “ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش، پاڵپشتیی خۆیان بۆ داوای ئەمینداری گشتیی راگەیاند، کە داوای لە هەردوولا کردووە، بە پەلە شەڕ رابگرن و دۆخەکە هێور بکەنەوە و بەبێ دواکەوتن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ”. ناگۆرنۆ قەرەباخ هەرێمێکە کەوتووەتە ناو خاکی ئازربایجان، بەڵام ئۆتۆنۆمیی خۆی هەیە و زۆرینەی پێکهاتەکەی ئەرمەنە و ئەرمینیا پاڵپشتییان دەکات، لە شەڕەکانی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە ئازەربایجان جیا بووەوە، بەڵام هیچ وڵاتێک وەک کۆمارێکی سەربەخۆ دانی پێدا نەنا، تەنانەت خودی ئەرمینیاش. ئەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو کۆمارە سۆڤییەتییەکەی پێشوویان زیاد کردەوە، راگەیاندنی ئەرمینیایە، کە دەڵێ فڕۆکەیەکی شەڕکەری تورکی لە جۆری (ئێف-16) لە ئاسمانی ئەرمینیا خستووەتە خوارەوە و فڕۆكەوانەكەی كوژراوە.