عەبدولڕحمان سودەیس، سەرۆكی گشتی كاروباری مزگەوتی حەرام و نەبەوی لە سعوودیە، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە ڕێچكەیەك لە سەكۆی دەوری كەعبە، بۆ سووڕانەوەی عەمرەكاران بە دەورەی كەعبەدا دیاری كراوە و كراوەتەوە، ئەمەش وەك هەنگاوی یەكەم بۆ كردنەوەی دەروازەی گشتیی مزگەوتەكە. ئەمڕۆ چوارشەممە 30/09/2020، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعوودیە، بڵاوی كردەوە كە بە ئامانجی كارئاسانی بۆ عەمرەكاران و جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بە ئاسانی و پاراستنیان لە نەخۆشی، بە هەندێ ڕێوشوێنی تەندروستییەوە قۆناغ بە قۆناغ ڕێ بە عەمرەكاران دەدرێت سەردانی ماڵی خوا بكەن. دەسەڵاتدارانی سعوودیە، لە ڕێی ئەپڵیكەیشنی “اعتمرنا”ـەوە، چۆنیەتی چوونەژوورەوەی نوێژخوێن و عەمرەكارانی روون كردووەتەوە، كە وەزارەتی حەج و عومرە سەرپەرشتی كردووە و ئامانج لێی جێبەجێكردنی ڕێنوێنی و ڕێوشوێنە تەندروستییەكانە، بەو شێوەیەی كە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی سعوودیە دایانڕشتووە.
سعوودیە بە چەند مەرج و ڕێنوێنییەكی تەندروستییەوە ڕێ بە سەردانی عەمرەكاران دەدات
