ڕۆژنامەی (نیۆیۆرك تایمز) بڵاوی كردووەتەوە، یۆنان و ئەمریكا رێك كەوتوون لەسەر ئەوەی لە دوورگەی (گیریت)ی سەر بە یۆنان، بنكەیەكی گەورەی سەربازی دابمەزرێنن، بۆیە ئەمریكا لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا گەورەترین كەشتیی جەنگی دەنێرێتە ئەو دوورگەیە و ئەمەش توركیا تووڕە دەكات. بە گوتەی بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز كردووە و ناوی ئاشكرا نەکراوە، ئەو كەشتییە جەنگییەی ئەمریكا دەینێرێتە (گیریت) ٦٠٠ مایل لە توركیاوە دوور ە و لە رۆژئاوا و باكووری ئەو دوورگەیە جێگیر دەكرێت. هەما رۆژنامە باسی لە هەڵوێستی توركیا کردووە و پێشبینیی كردووە کە ئەگەری زۆرە توركیا هەڵوێستی لەدژی ئەمریكا هەبێت، چونكە ئەم هەنگاوەی ئەمریكا پشتگیرییەكی گەورەیە بۆ یۆنان، تا توركیا نەتوانێت لە دەریای سپی بە دوای گازی سروشتیدا بگەڕێت. رۆژنامەی (گاردیەن) و چەند میدیایەكی سەر بە توركیا دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردەوە، كە ئەمریكا نیازی هەیە بنكەی ئینجەرلیك بگوازێتەوە بۆ دوورگەی (گیریت)، بەڵام پێنتاگۆن ئەو دەنگۆیەی بە درۆ خستەوە. لە هەواڵەكەی نیۆیۆرك تایمزدا هاتووە، ئەمریكا ئینجەلیك ناگوازێتەوە، بەڵام ئەم هەوڵەی ئەمریكا لەبارەی دەریای سپی كە پشتگیری لە یۆنان كردووە و ئەو كەشتییە جەنگییەش لەو دوورگەیە جێگیر بكات، توركیا نیگەران دەبێت و ڕەنگە بابەتی ئینجەرلیك بێتەوە بەرباس و قسەی لەسەر بكەن، چونكە پێشتریش باس لە گواستنەوەی ئەو بنكەیە كراوە. هەروەها چەند میدیایەكی توركیاش باسیان لەوە كردووە، ئەگەر ئەمریكا بنكەیەكی گەورەی سەربازی لە (گیریت) دابمەزرێنێت، ئەو بنكەیە دەبێتە جێگیرەوەی ئینجەرلیك، چونكە لەوێوە دەتوانێت فڕۆكەی جەنگی هەڵبستێنێت و ئامانجی خۆی بپێكێت، هەروەها دەتوانێت هەر جۆرە مووشەكێكی بوێت لەوێوە ئاڕاستەی نەیارەكانی بكات.
نیۆیۆرك تایمز: ئەمریكا گەورەترین كەشتیی جەنگی دەنێرێتە دوورگەیەكی سەر بە یۆنان
