دواسەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر سۆڤیەت بمابوایە، ئەو هەموو کێشە جیهانییانە سەریان هەڵنەدەدا. میخایل گۆرباچۆڤ، دواسەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت (1990-1991)، بە رۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی راگەیاندووە، رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بەهۆی چاکسازییەکانی ئەو نەبوو لە حزبی شیوعیی رووسیا و وڵاتەکەی. میخایل گۆرباچۆڤ دانی بەوەدا ناوە، کە لە کاتی سەرۆکایەتیی حزبی شیوعیی رووسیا (1985-1991) و سەرۆکایەتیی سۆڤیەت چەند هەڵەیەکی کرد، لەوانە درەنگ دەست پێکردنی پرۆسەی چاکسازی لەناو حزبەکە. دواسەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت پێیوایە ئەگەر یەکێتییەکە نەڕووخابا و تا ئێستا بمابوایە، جیهان سەقامگیرتر، پڕ لە ئارامیتر. دادپەروەرتر دەبوو. یەکێتیی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت (1922-1991)، وڵاتێکی بەهێزی جیهان بوو. ئەو وڵاتە رێبەرایەتیی بەرەی سۆسیالیستیی جیهانی دژی هەژموونی سەرمایەداریی رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکای، دەکرد.