ئەمڕۆ هەینی لە سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلالدا، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا بۆ بافڵ و قوبادی تاڵەبانی، كوڕانی خوالێخۆشبوو مام جەلال ڕایگەیاند كە ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەست بە خەسارەتی لەدەستدانی مام جەلال دەکات. سەرۆک مەسعود بارزانی لە سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلالدا، پەیامێكی ئاراستەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی كردووە و نووسیویەتی “برازاکانم کاک بافل و کاک قوباد، لە یادی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی برای بەڕێزم مام جەلال، لەگەڵ پێشکەشکردنی ڕێز و پێزانینم بۆ دەوری کاریگەری بەڕێزیان لە کاتی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا و لە کاتی سەرۆکایەتی عێراقدا، وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد، ئێستا زیاتر لە هەموو کات هەست بە خەسارەتی لەدەستدانی دەکەم”. سەرۆك بارزانی لە كۆتایی پەیامەكەشیدا نووسیویەتی “هیوادارم ئێوەش بەردەوام بن لەوەی درێژە بە ڕێگای باوکتان بدەن، بۆ بەدیهێنانی خەونی گەلەکەمان و درێغی نەکەن لە پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتیمانی. مامتان مسعود بارزانی”.