کەسێکی دیکەی نزیک لە سەرۆکی ئەمریکا، تووشی پەتای کۆرۆنا بوو. میدیا ئەمریکییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەنجامی پشکنینی بیڵ ستێپین، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، پۆزەتیڤ دەرچووە و دەرکەوتووە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە. بیڵ ستێپین (تەمەن 42 ساڵ)، لە رۆژی سێشەممەی رابردوو هاوگەشتی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ زانکۆی کیس ویسترن ریزێرڤ لە شاری کلیڤلاند لە ویلایەتی ئۆهایۆن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان. لەکاتی رووبەڕووبوونەوە تەلەڤزیۆنییەکەی ترەمپ و بایدن، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ لە نزیک هۆپ هیکس، گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا وەستابوو. رۆژی هەینی 2-10-2020، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، تووشبوونی خۆی و میلانیای هاوسەری بە پەتای کۆرۆنا، راگەیاند و میدیا ئەمریکییەکانیش باس لەوە دەکەن، کە ترەمپ پەتاکەی لە هۆپ هیکسەوە بۆ گوازراوەتەوە. بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 3-11-2020 بەڕێوە بچێت و تێیدا دۆناڵد ترەمپ وەک کاندیدی کۆمارییەکان، رکابەریی جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان دەکات و هەوڵی بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا بۆ خولێکی دیکە، کە چوار ساڵە، دەدات. وێنەیەکی ترەمپ و بیڵ ستێپین