ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێویستی بەوە هەیە تا ماوەیەكی تریش لە نەخۆشخانەدا بمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕۆژی هەینیی رابردووەوە تووشبوونی بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیەندرا. رۆبەرت ئۆبراین ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا كە پێیوایە سەرۆكی ئەمریكا تا ماوەیەكی تر پێویستی بە مانەوە دەبێت لە نەخۆشخانەدا، ئەمەش بە هۆی پێویستی بە تەواوكردنی چارەسەرییەكانی پەتای كۆرۆنا. ئۆبراین لە میانی دیدارێكی كەناڵی “سی بی ئێس”ی ئەمریكیدا ئەوەشی گوت كە ترەمپ دەیەوێ بگەڕێتەوە كۆشكی سپی و دەست بە كارەكانی بكاتەوە، بەڵام پێدەچێت جارێ لە نەخۆشخانەی (واڵتەر)دا بمێنێتەوە. جێی باسە میدیاكان پێشتر بڵاویان كردبووەوە كە ترەمپ هەوڵ دەدات كە نەخۆش و لاواز دەرنەكەوێت لەبەر چاوی خەڵك و میدیاكانی ئەمریكادا، نەوەك كار لە هەڵمەتەكەی بكات لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا.